Home / جيهان / من ناگـریم وەلێ نازانم چیە هەناسەم گەرم بووە !

من ناگـریم وەلێ نازانم چیە هەناسەم گەرم بووە !

من ناگـریم وەلێ نازانم چیە هەناسەم گەرم بووە !

دەمەوێ خۆم بخافڵێنم، ئەها دەمەوێ وەکو پیاوێکی جدی بەخۆم بڵێم دەی ئەویش یاریزانێکبوو ڕۆشت و تەواو وەک ئەوانی تر وتی ماڵئاوا.
ئەی نازانم ئەم فرمێسکە نەفرەتیە واز ناهێنێ دڵۆپ دڵۆپ سەر لەپەنجەرەی چاوەکانمەوە دێنێتە دەرەوە و کە ڕوخساری سورەوە بووی ئەو دەبینێ تۆزێک دەوەستێ لە دەرگای چاوم و بەرگە ناگرێ و شەهید دەبێت و خۆی قوتارەکا لە چاوم و خۆی لە گڵ دەگەوزێنێ، هەستێکی سەیر و غەریبە لێرە، ئێرە بێ تۆ چەندە نامۆیە چەندە سامناک سەری لە هەستەکانمان شێواندووە.
چیدی من وەک تۆ ناکەم ئەها دەتویست نەگریت، ئەها منداڵەکانت کردبووە پەردە بۆ ئەوەی ئەشکەکانت نەبینین، من وا ناکەم ئیتر …
ئەو ماسکە دەمووچاوم ناخم دەکوڵێنێ ڕەنگە خامەی “زیاد بەرزنجی” هەستەکانی من و دڵبەرانت وێنا بکات دوای ئەم جوداییە:
” دڵم شێتانە بۆت دەگری، وەکو دەریا ئەشک ئەڕێژم، دڵم شێتانە بۆت دەگری، ئەڤینی تۆم ئەسیری تۆم، لە ئازارا تلاوتل خۆم ! “.
مەگەر دەکرێ چاوە سەوزەکانت بگری و جامی چاوم خوار نەبێ بۆ ڕشتنی فرمێسک، مەگەر دەکرێ دەستت لەسەر دەم و چاوت بێ و ئازار بچێژی منیش وشک وشک لێت بڕوانم، منیش وەک ئەو هەموو فرمێسکەی لەوێ ڕژا ڕژام، وەکو ئەو هەموو ئاهەی لەوێ هەڵکێشرا کشام.
منیش عاشقی تۆپی پێم واتە عاشقی تۆم، دەی دەیجورستانە حاڵی ئەم دڵەم بێ تۆ!
ئەوە چەند ساڵە بە زەمەن ئەڵێم مەهێڵە پیر بێت، لێشم ڕونبوو بێ گوێدانە پرمەی گریانم دێت و دەتبا، هیچ تەماشای ئەو دڵە عاشقانەی ئۆڵمپیکۆ ناکا و نابینایە بە ئەسرین ڕشتن و بە مشتێ خەنەی سپی تاڵەکانی پرچت بۆیە دەکاو دەتبا، وەفا ناخوێنێتەوە و لە زمانی گریان ناگا و دەتبا کە دەتبا.
بەڵێ وتم دەتبا و دوێنێ شەو بردتی، ئەو خەونە شومەی لێی دەترسام بەدیهات و تەمەن لەنێو پایتەختی ئیتالیادا سەری هێنایە لای پەنا گوێتەوە و “کاتی ڕۆشتنە”ی چپاندە گوێیەکانت و لاپچینەکانی بۆ هەمیشە لە پێت کردەوە و بردتی و ڕۆمای کردە حەزینترین شاری جیهان و لەوێ تەنها ئاهـ و فرمێسک دەدوان و هیچی تر.
لەتۆپی پێ گەڕێ تۆ لە تەواوی جوڵەکانی شاردا تێکەڵبووی لە زەمین و ئاسمانی ئەم پایتەختە بۆنی تۆی لێ دێ.
وەک کریس گوتی “تۆتی فێری کردین هیچ شتێک سنور دانانێت بۆ بەردەوامی لە یاریکردن” دەزانم مەبەستی خۆڕاگری و تەمەنی تۆیە.
عەشقت لە پایتەختەکەی ئیتالیا سنوری تەمەن ناخوێنێتەوە، ئەها بیرتە ئەو منداڵەی لەگەڵ باوکی هاتە ئۆڵمپیکۆ بۆ بینینی نیگایەکت، درێسێکی جگەری ژمارە 10 ی پۆشیبوو، 90 خولەک لەگەڵ جوڵە ئەفسوناویەکەت ژیا، ئەفسوس لەکاتی گەڕانەوەیدا لەگەڵ باوکی ئۆتۆمبێل لێیدان و هەردوکیان گیانیان سپارد و درێسە ژمارە 10 کەش خەڵتانی خوێن بوو، ئەو ڕەنگە لەخۆشی بینینی تۆ بە هەیەجانەوە چوبێتەوە، تۆ لەبیرت نەکرد دوای هەفتەیەک کاتێ دایکی منداڵەکەت توشی شۆک کرد و هەمووتان بەڕابەرایەتی تۆ، دیسان وەک هەمیشە وانەی وەفات خوێندەوە و درێسی باوک و کوڕت لەسەر درێسەکەت نەخشاندبوو و بزەی ئەم جوانیەت و لە لێو و فرمێسکی چاوی دایکی جگەر سوتاودا هاتە خوارێ و چەپڵەی بۆ وەفات لێدەدا.
ئەوێ ئیتر خێزانێک بوو بۆتۆ، وەک خۆت دەڵێی: ” بەمنداڵی لە قوتابخانە فێریان کردم خێزانەکەم خۆشبوێ هەرگیز خانەوادەکەم جێنەهێڵم، ڕۆما خانەوادەی منە، کەس هەیە خێزانە هەژارەکەی جێبێڵێت و بچێت لەگەڵ خێزانێکی دەوڵەمەند ژیان بکات؟ “.
ساڵی پار بوو سپالێتی لە یاریەکدا بانگهێشتی نەکرد بۆ پێکهاتەی ڕۆما، تۆتی دەیوست وەک توڕەییەک خۆی بگرێت و نەچێتە یاریگا بۆ بینینی یاریەکە.
خێزانەکەی دەڵێت: “یاریەکە دەستی پێکرد، بینیم لە سوچێکی ژوورەکەوە چاوی بڕیوەتە تیڤیەکە، چومە ژوورەوە و هاوارم کرد بەسەریدا پێم گوت ڕۆما یاری هەیە و تۆ لە ماڵەوەی و ناتەوێ بچیتە یاریگاکە”.
هێندەی پێنەچوو بە پاڵتۆییەکی قاوەیی باوەوە لەناو ئاپۆرای هاندەرانەوە دەرکەوت و شاشەی یاریگا دۆزیەوە، ئیتر هەموو هاندەران هەستانەوە و هیچ ئاگایان لە یاریەکە نەمابوو هەموو بەدەم چەپڵە ڕێزانەوە و شانامەو هوتافیان دەخوێندەوە و بورکانی عەشق تەقیەوە لە ئۆڵمپیکۆ.
تۆتیش دروست وەک دوێنێ فرمێسکەکانی پێ ڕانەگیرا و بەدەم گریانەوە هەستایەوە و دوو مشتی لەسنگی چەپیدا بە ئاماژەی “ئێوە لێرەن، لە دڵی من”.
گەر تۆپی پێ جوانە و شیرینە تەواوی ئەو جوانیەی قەرزاری پاڵەوانەکانیەتی، پشکێکی گەورەت هەیە لەو جوانیە مەلیک.
نازانم کە دەڕۆی وەک ئەوەی شتێک قەرزارم بەتۆ، نا قەرزارین بەتۆ، قەرزاری تەواوی ئەو ساڵانەی بونتین، ئەی خۆڕاگرترین پێ بە تۆپ، قەرزاری تەواوی ئەو وانانەین لە ژیانتەوە فێری بوین، وانەی وەفا “مانەوە لەگەڵ ڕۆم، گرنگترە لام لە هەموو نازناوێک”.
وانەی ..
عەشق پێش نازناوە، پێش ناوبانگە، پێش زێڕ و سامانە، پێش ئارەزووەکانمە !.
عاشقانی وەرزش ..
تێبگەن لەو یاسایە، تۆپی پێ ڕۆمان و چیرۆک نیە، کە لە کۆتایدا عاشقەکان پێک بگەن، ئێرە جیاوازە لە زەمەنی فەنابوندا ئاراستەی پێیەکانیان پێچەوانەیە، هەریەکەو بە کۆمەڵێک فرمێسکەوە بۆ ئاسۆیەکی جیا هەنگاو دەنێ!
ئەم کۆتایی وەرزە تۆشی هەڵوەراند, وەک کاندێلا گوتی: ” دوێنێ ئامادەی ماڵئاواییەکەی تۆتی نەبووم، چونکە ئەوە ڕێوڕەسم نەبوو ئەوە پرسە بوو، لەوێ بومایە خەم دەیکوشتم”
بە سوێیە ڕۆشتنت خەمی پۆشیوە ئەم پایتەختە ئێستا ڕۆما وەک شەڕکەرێکی بێ شمشێرە ئیـتر ڕۆما و تۆتی یەک جەستە نین وەلێ یەک دڵن.

دوێنی دوا جار هەردوو دەستت بەرزکردەوە وەک ئەوەی تەسلیم بووی بەتەمەن ئێمەش فرمێسکی چاوەکانمان و عەشقی دڵمان تەسلیم جوانیت دەکەین و پێت دەڵێین .
” تۆتـی نەبێ ، ئاهەنگ نابێ ” .
جاران دەمگوت وای لەو ڕۆژەی ڕۆما بێ تۆتیە ئێستا ئەو ڕۆژەیە ، چەن حەزینە دڵم.

ئا: گۆران مەحمود

Leave a Reply

دڵنيابە ئيمەيڵەكەت بە نهێنى دەمێنێتەوە. Required fields are marked *

*

x

هەواڵێكى تر..

خشتەو كاتى ياريەكانى ئەمرۆ يەك شەمە..

ئەمرۆ يەك شەمە ٢٢/١٠/٢٠١٧ لە چەندين كاتى جياوازدا چەندين يارى گرنگ و بە هێز لە ...