Home / ووتار / پێتان سه‌یر نه‌بێت

پێتان سه‌یر نه‌بێت

ئاشكرایه‌ كه‌ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ئیداره‌ی وه‌رزشی كوردستان ده‌كه‌ن چاوەڕوانی ئەوەیان لێناكرێت لەوەی كه‌ تا ئێستا كردوویانه‌ باشتر بكه‌ن، بۆیە هەڵچنینی هەر هیوایەك بۆ ئایندە لە سایەی به‌شێكی زۆر له‌م به‌رپرس و سه‌رۆك یانانه‌ی ئێستادا جگە لە وه‌هم و خەون و خه‌یاڵ هیچی تر نیە.
(من متمانه‌م به‌ مانه‌ نییه‌) ئه‌مه‌ جه‌وهه‌ری تێروانینی منه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ ئێسته‌ جله‌وی یانه‌كانیان گرتووه‌ته‌ ده‌ست و ئاڵوده‌ی كورسیه‌كانیان بوونه‌ و هیچ باكیشان به‌وه‌ نییه‌ ژیان و بژێوی وه‌رزشكارانی تیپه‌كانیان چۆن ده‌گوزه‌رێت.

ره‌نگه‌ تۆش وه‌ك من له‌مانه‌ نیگه‌ران بیت، ره‌نگه‌ پێچه‌وانه‌ی منیش بیر بكه‌یته‌وه‌، كێشه‌ نییه‌ چۆن له‌ تێروانینه‌كه‌م تێده‌گه‌یت، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ئه‌مانه‌ جێی متمانه‌ نین، چونكه‌ خۆیان متمانه‌یان له‌ده‌ستداوه‌، نه‌ك من له‌وانم سه‌ندبێته‌وه.
هه‌موومان له‌وه‌ تێده‌گه‌ین ئه‌وان ناتوانن‌ وه‌رزشی كوردستان له‌م قۆناخه‌ چه‌قبه‌ستووه‌ رزگار بكه‌ن، ‌به‌ڵكوو ناتوانن ڕێ له‌و پاشگه‌ردانییه‌ش بگرن كه‌ ئێسته‌ وه‌رزشی كوردستان تێیكه‌وتووه‌، بارودخی یانه‌كان و گیرفانی یاریزانان و ئه‌م خوله‌ وه‌رزشییه‌ پڕكه‌موكوڕییانه‌ش كه‌ ناوه‌ ناوه‌ ده‌كرێنه‌وه‌ به‌ڵگه‌ی بێهیوابوونه‌ له‌وانه‌ی كه‌ ئیداره‌ی وه‌رزشی كوردستان ده‌كه‌ن.

رەنگە ئه‌م نائومێدییه‌ی منتان پێ سه‌یر بێت كه‌ رۆژانێك ئه‌وان جێگای ئومێد بوون. بەڵام هیچ پێتان سه‌یر نه‌بێت، ئیدی نابێت چاوەروانی شتی گەورەتر لەم رووخساره‌ دووبارانه‌‌ بكەیت. پاره‌ ئه‌وانی بەهێزكرد، ئه‌وانی كرده‌ خاوه‌نی و بڕوانامه و مه‌زره‌عه‌ و‌ ڤیلا،‌ بەڵام ژیری نه‌كردن، ئەمە كێشە گەورەكه‌ی ئه‌وانه‌‌، ئه‌وان هەر سەرقاڵی بێهۆشكردن دروستكردن و كۆپیكردنی كه‌سانی هاوشێوه‌ی خۆیان بوون، نەك ژیری، بۆیە ناتوانن به‌ ته‌واوه‌تی ئیداره‌ی تیپێكی باشی یانه‌كه‌یان بكه‌ن، ته‌نانه‌ت ناتوانن به‌باشی گوێ له‌ ئاخ و ناخی یاریزانه‌كانیشیان بگرن.

داواكارم له‌سه‌رۆك و ئیداره‌ی یانه‌كان، ئه‌گه‌ر هیچیشتان پێ ناكرێت ته‌نیا ئه‌م ڕێنماییانه‌ی خواره‌وه‌ ڕه‌چاو بكه‌ن.
ـ كاتێك به‌ بیانووی قه‌یرانی دراییه‌وه‌ چه‌ندان ساڵه‌ فلسێكت نه‌خستۆته‌ گیرفانی یاریزانه‌كانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی یاریزانه‌كان باوه‌ڕت پێ بكه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ سێڵفی و وێنه‌ت له‌ مه‌رزعه‌ پۆست مه‌كه‌ و به‌ سه‌یاره‌ی به‌رز و گرانبه‌ها خۆت نیشانی ئه‌و یاریزانانه‌ مه‌ده‌ و پێیان مه‌ڵێ قه‌رزدارین، یان به‌وه‌ش فریویان مه‌ده‌‌ كه‌ پاره‌ی گیرفانی خۆشت خستۆته‌ خزمه‌تی یانه‌كه‌!
ـ تۆ كه‌ حه‌ق و مافیشیان پێ ناده‌یت، لایه‌نی ده‌روونییان مه‌ڕوخێنه‌، یاریزانی كورد ئه‌گه‌ر پاره‌شی نه‌ده‌یتێ، به‌س هانی بده‌ و چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌ به‌سیه‌تی، چونكه‌ وه‌رزشكاری كورد‌ ئه‌وه‌نده‌ سۆزدار و به‌دبه‌خته‌، پیرۆزبایی و ستایش و ده‌ستكوشینێك بۆ ئه‌وان تامی هه‌زار دۆلار ده‌دات.

هیودارین له‌ هه‌ڵبژاردنی یانه‌كانی داهاتوو، رووخساری تازه‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌، داوكاریشین چیتر له‌ ڕێگه‌ی لق و مه‌ڵبه‌ند و مه‌كۆ پۆسته‌ ئیداری و كارگێرییه‌كانی نێو یانه‌كان دابه‌ش نه‌كه‌ن و كه‌سیش ناچار نه‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایانه‌ ده‌نگ بده‌ن.

نووسەر: ئەسعەد اسماعيل

Leave a Reply

دڵنيابە ئيمەيڵەكەت بە نهێنى دەمێنێتەوە. Required fields are marked *

*

x

هەواڵێكى تر..

بارشەلۆنە لاوازترە لەوەى لەگەڵ ميسى بە تۆقێنەر دەيبينين..

پێدەچێت ئەنجامەكانى ئەم دواييەى بارشەلۆنە هەموانى لە خشتە بردبێت, بارشەلۆنە پێشەنگە و هەموو ياريەكان دەباتەوە, ...