ئایا كۆتینهۆ شایسته‌ی 160 ملیۆن یۆرۆ بوو؟

پاش كێشمه‌كێشێكی زۆر، سه‌ره‌نجام یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ی ئیسپانی سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ گواستنه‌وه‌ی فیلیپی كۆتینهۆی به‌رازیلی له‌ یانه‌ی لیڤه‌رپوولی ئینگلیزی بۆ ڕیزی یانه‌كه‌ی به‌ بڕی 160 ملیۆن یۆرۆ.

بڕه‌ پاره‌كه‌ش پرسیارێكی زۆری له‌ لایه‌ن هه‌وادارانی وه‌رزشیه‌وه‌ دروست كردووه‌، ئایا كۆتینهۆ شایسته‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بوو، یاخود نا؟ ئێمه‌ش به‌پێی توانا، هه‌وڵده‌ده‌ین به‌شێوه‌یه‌ك پوخت وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی سه‌روه‌ ڕوون بكه‌ینه‌وه‌:-

پایه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی پێكهێنانی نرخی یاریزان له‌ بازاڕی گواستنه‌وه‌دا:-

ته‌مه‌نی یاریزان، ناسنامه‌ی یاریزان، شوێنی یاریكردنی یاریزان، مرونه‌تی یاریكردنی یاریزان، پێویستی یانه‌كان به‌ یاریزان، كه‌می یاریزانی هاوشێوه‌ی له‌ بازاڕدا، ئاستی یاریزان له‌ دوایین 2 وه‌رزدا، ماوه‌ی بۆندی یاریزان له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی، بارودۆخی كڕینی یاریزان، به‌هره‌ و كارێزمایی یاریزان. كۆتینهۆ یاریزانێكی گه‌نجه‌ و ته‌مه‌نی 25 ساڵه‌، ده‌توانێت 5 ساڵ خزمه‌تی به‌رشه‌لۆنه‌ بكات و پاشان به‌ نرخێكی گونجاو بیفرۆشێته‌ یانه‌یه‌كی تر.

كۆتینهۆ یاریزانێكی به‌هره‌داره‌، خه‌ڵكی به‌رازیله‌ و به‌رازیلیه‌كان زۆرترین خواستی كڕینیان له‌سه‌ره‌، له‌ هێڵی ناوه‌ڕاستی هێرشبردن یاری ده‌كات و نرخه‌كه‌ی له‌ شوێنه‌كانی تری ناوه‌ڕاستی وه‌كو (ناوه‌ڕاستی به‌رگری، ناوه‌ڕاستی بۆكس تو بۆكس، ناوه‌ڕاسیتی ئیرتیكاز و … هتد) گرانترێكه‌.

كۆتینهۆ ده‌توانێت له‌ چه‌ند شوێنێكی یاریگا یاری بكات و به‌رشه‌لۆنه‌ پێویستی زۆری پێی ده‌بێت بۆ چه‌ند ساڵی داهاتوو. ئاستی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییه‌شی زۆر باش بوو، بۆنده‌كه‌ی نزیكه‌ی 4 ساڵی له‌گه‌ڵ لیڤه‌رپوول مابوو، بارودۆخی كڕینی زۆر ئاڵۆزبوو، چونكه‌ لیڤه‌رپوول نه‌یده‌ویست ده‌ستبه‌رداری ببێت.

هه‌رچی تایبه‌ته‌ به‌ كه‌می یاریزانی هاوشێوه‌ی له‌ بازاڕدا، پێناچێت یاریزانێكی ناوه‌ڕاستی ئاست به‌رز هه‌بووبێت له‌ یانه‌ گه‌وره‌كان و ئاماده‌ی فرۆشتنی بووبن، به‌رشه‌لۆنه‌ش بیكڕیبایه‌ و پێویستی لایه‌نی هێرشبردنی دابین بكردبایه‌, چونكه‌ به‌رشه‌لۆنه‌ به‌ دوای یاریزانی به‌ ئه‌زموون و خاوه‌ن به‌هره‌ی تاكه‌ كه‌سی ده‌گه‌ڕا، نه‌ك ته‌نها خاوه‌نی بینین و دروستكردنی گۆڵ بێت.

هه‌ربۆیه‌، پایه‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی فرۆشتنی یاریزان هه‌موویان له‌ بۆندی كۆتینهۆدا هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ له‌به‌رچاوگرتنی لایه‌نی بازرگانی كه‌ كۆمپانیای نایك سپۆنسه‌ری به‌رشه‌لۆنه‌ و كۆتینهۆیه‌، به‌پێی هه‌ندێك راپۆرتی دزه‌پێكراو، كۆمپانیای نایك رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بوو له‌ ئه‌نجامدانی گرێبه‌سته‌كه‌.

به‌پێی ماڵپه‌ڕی (ترانسفێر ماركێت)ی تایبه‌ت به‌ دیاری كردنی نرخی یاریزانان، نرخی بازاڕی فیلیپی كۆتینهۆ 90 ملیۆن یۆرۆ بوو، به‌ تێڕوانینێك له‌ بۆندی ئه‌ستێره‌كان ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ یاریزان به‌ گرانتر له‌ نرخی دیاری كراوی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ده‌فرۆشرێت.

كاتێك ته‌ماشای بازاڕی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان ده‌كه‌ین، جگه‌ له‌ بۆنده‌كه‌ی نه‌یمار – كه‌ بۆ مه‌به‌ستێكی زیاتر له‌ وه‌رزشی یانه‌ی پاریس سان جێرمان به‌ شكاندنی مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بۆنده‌كه‌ی كڕی – پۆل پۆگبا به‌رزترین نرخی یاریزانه‌ كه‌ نرخه‌كه‌ی 120 ملیۆن یۆرۆیه‌، هه‌ربۆیه‌ بڕوام وایه‌ ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ (160) ملیۆن یۆرۆ گونجاوه‌ بۆ نرخی كۆتینهۆ، كه‌ وه‌ك ده‌زانین له‌ ئێستادا به‌هۆی زۆری سه‌رچاوه‌ی داهاتی یانه‌كان، نرخی یاریزانان زۆر به‌رزبۆته‌وه‌.

40 ملیۆن یۆرۆ زیاده‌كه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرت، كه‌ یانه‌ی لیڤه‌رپوول ده‌یزانی به‌رشه‌لۆنه‌ (220) ملیۆن یۆرۆی له‌ فرۆشتنی نه‌یمار ده‌ست كه‌وتبوو، له‌گه‌ڵ داهاتی یانه‌كه‌ له‌ مافی گواستنه‌وه‌ی یاریه‌كان و سپۆنسه‌ره‌كانی، به‌ هه‌مان تێروانینی یانه‌ی بروسیا دۆرتمۆند بوو له‌ بۆنده‌كه‌ی عوسمان دێمبلی دا، به‌رپرسێكی دۆرتمۆند گوتبووی: به‌رشه‌لۆنه‌ ڕوبعه‌ ملیارێك یۆرۆی هه‌یه‌، پێویسته‌ هه‌ندێكی لێ خه‌رج بكه‌ن.

هه‌روه‌ها لیڤه‌رپوول ده‌یه‌وێت له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ په‌یامێك ئاراسته‌ی یانه‌كانی تر بكات، به‌وه‌ی هه‌ر یانه‌یه‌ك بیه‌وێت ئه‌ستێره‌یه‌كی بكڕێت، ئه‌وا نرخه‌كه‌ی زۆر گران ده‌بێت، چونكه‌ له‌ ئێستاوه‌ سیاسه‌تی كڕین و فرۆشتنی یانه‌كه‌مان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌.

ئایا كۆتینهۆ شایسته‌ی ئه‌وه‌ بوو به‌رشه‌لۆنه‌ 40 ملیۆن یۆرۆ زیاتر له‌ پێناویدا قوربانی بدات؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌ڵێ یه‌، چونكه‌ به‌رشه‌لۆنه‌ پێویستی به‌ جێگره‌وه‌یه‌كی درێژخایه‌ن بوو بۆ ئینێستا، بۆندنه‌كردن له‌گه‌ڵ كۆتینهۆ، دووباره‌ یانه‌كه‌ ده‌خاته‌وه‌ ناو ئه‌زموونه‌ بێ ئه‌نجامه‌كانی پێشووی، كه‌ تاكو ئێستا نه‌یتوانیوه‌ جێگره‌وه‌ی چاڤی و ئه‌لڤێز ده‌ست بخات.

له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێین، به‌ پێی ئه‌و ڕوونكردنه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ماندا و له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ توانای پێدانی (160) ملیۆن یۆرۆكه‌ی هه‌بوو، هه‌رچه‌نده‌ كه‌مێك له‌ سه‌رووی نرخی بازاڕی كۆتینهۆ بوو، یاریزانه‌ به‌رازیلیه‌كه‌ شایسته‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بوو، به‌ڵام ترسی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوونی بۆنده‌كه‌ هه‌یه‌، به‌و واتای ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر كۆتینهۆ سه‌ركه‌وتووبێت له‌ به‌رشه‌لۆنه‌دا، ئه‌وا (160) ملیۆن یۆرۆكه‌ به‌ ئاسایی وه‌رده‌گیرێت و هاوشێوه‌ی زیدان و كریستیانۆ ده‌بێته‌ مایه‌ی شانازی بۆ یانه‌كه‌ی، به‌ڵام گه‌ر بێت و سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت، ئه‌وا هاوشێوه‌ی ئه‌ندرێ گۆمێز 50 ملیۆن یۆرشی به‌ زیاده‌ بۆ داده‌نێن، هه‌ر ئه‌مه‌ش جێگای ترس و دڵه‌ڕاوكێی هانده‌رانی بلوگرانه‌یه‌.

نووسینی: موحه‌مه‌د عه‌واد …

وه‌رگێرانی به‌ده‌ستكاریه‌وه‌: كامه‌ران پاڵانی

نيشاندانى زياتر

كۆمێنتت چيە..؟