بێلسا سەرشێتى تەکتیکى تۆپى پێ..

بۆچى مارسێلۆ بێلسا بەو هەموو ئەزموونەوە، بەو هەموو داهێنانەوە، ئەرکى ڕاهێنەرى هیچ یانەیەک لەئەستۆ ناگرێت، ئەمە پرسیارى زۆربەى هاندەرانى تۆپى پێیە، لە بەرامبەر ستاییشکردنى توانا و بەهرەمەندیى ئەم ڕاهێنەرە لەلایەن شرۆڤەکاران و ڕاهێنەرانى تۆپى پێ. بەجۆرێک ڕاهێنەى گەورە بەوە دەپێون، ڕاهێنەرى تیپى گەورە بێت و ژمارەیەکى زۆر نازناو بەدەست بهێنێ. لە چارەگى کۆتایى سەدەى ڕابردوو، نازناوەکەکانى ئەڵمانیا و ئیتاڵیا زۆر جیاتربوون لە ئەنجام نازناوەکانى هۆڵەندا، بەڵام ئەوە زۆرترین قسەى لەسەر کراوە، هۆڵەندا، ڕینۆس میشێلس و یۆهان کرۆیڤ بوو، بۆیە ئەوەى دەنووسرێتەوە نازناوە، بەڵام ئەوەى دەمێنێتەوە شێواز و فیکرە و دانانى کاریگەرییە لەسەر تۆپى پێ. نازناوەکانى چەندساڵى ڕابردووى کاڵچیۆ بۆ ئەلێگرى و یۆڤنتۆس بوو، بەڵام زۆرترین سەرنج و لێکدانەوەکان لەبارەى تەکتیک و تازەگەرییەکانى ماوریسیۆ سارى ڕاهێنەرى ناپۆلییە، بۆیە ناکرێ هیچ یەکێک لە ئیبداعى تەکتیکى و بەدەستهێنانى نازناو بە نادیدە بگیرێت، چونکە هەردووکیان مانایەکى گەورە بە تۆپى پێ دەبەخشن، ئەگەر ئەم دوانە پێکەوە گرێبدرێت، ئەوە مانا و هێز و جوانییەکى گەوەرە بۆ جیهانى تۆپى پێ دەبەخشێت، بۆ نموونە بارشەلۆنەى سەردەمى زێڕینى گواردیۆلا، کە ئەم دوانەى نازناو و داهێنانى تەکتیکى بەیەکەوە بەستبووەوە. واتە بیانوویەکى بەهێز هەیە بۆئەوەى شەرعییەت بە گەورەیى و کاریگەریى بێلسا بدەین و بگەینە ئەو باوەڕە، کە تەنیا نازناو ڕاهێنەر لە یادەوەرى و ئەرشیفى تۆپى پێ ناهێڵێتەوە، بەڵکو ڕاهێنەرە داهێنەر و تازەگەرەکان دەبنە خاوەنى نوێگەرى لە مێژووى تۆپى پێ. با بگەڕێینەوە سەر چەقى باسەکەمان کە هەڵوەستەکردنە لەسەر ڕۆڵ و کاریگەریى مارسێلۆ بێلسا بەسەر جیهانى تۆپى پێ.

مارسێلۆ بێلسا لە یانەکانى بیلباو، مارسێلیا و لیل لە ڕووى ئەنجامەوە سەرکەوتوو نەبوو، هەڵبژاردەى ئەرجەنتین لە جامى جیهانیى ٢٠٠٢ لە ترۆپکى ئاستبەرزیدا بوو، پاڵێوراوبوو بۆ بەدەستهێنانى نازناوى مۆندیال، چونکە لە پاڵاوتنەکان سەرجەم ڕکابەرەکانى تیرۆر کرد بە ئەنجامى تێکشکێنەر، بەڵام لەسەر دەستى بێلسا تەنانەت نەیتوانى قۆناغى گرووپەکانیش ببڕێت. ئەمە ڕووداوێکى سەیر بوو، چونکە لە دواى مۆندیالى ١٩٦٢ ئەمە یەکەمجارە هەڵبژاردەکە نەتوانێت بەربەستى قۆناغى گرووپەکان ببڕێت! سەرەڕاى بێدەستکەوتى و مامەڵەى میزاجیى لەگەڵ ئەو یانە و هەڵبژاردانەى ئەم ئەرکى ڕاهێنەرییان لەئەستۆ دەگرێت، بەڵام هەمیشە لەلایەن ڕاهێنەرە هەرە سەرکەوتووەکانى ئێستاى گۆڕەپانى تۆپى پێ، بەردەوام ستاییشى پێشکەوتنى تواناى فیکرى و داهێنان و تازەگەرییەکانى لە دنیاى تۆپى پێ دەکرێت، بەجۆرێک وەک ڕێپیشاندەر و مەرجەعى خۆیانى دەزانن. ((سیمیۆنى، گواردیۆلا، پۆچیتینۆ، ئیدواردۆ پێریزیۆ و خۆرخێ سامپاولى،)) نموونەى ئەو ڕاهێنەرانەیە کە کاریگەران بە نوێگەرییە تەکتیکییەکانى بێلسا لە بوارى تۆپى پێ. بێ دوودڵى وەک باشترین ڕاهێنەرى تۆپى پێ هەژمارى دەکەن. پێش دەستبەکاربوونى وەک ڕاهێنەرى ڕیاڵ مەدرید زیدان داوا لە بێلسا دەکات ڕێنمایى بکات. زۆربەى کات وەک وانەبێژى فیفا لە یەکێک لە وڵاتانى کیشوەرە جیاجیاکانى جیهان وانەى نوێ بە ڕاهێنەرە گەورەکانى تۆپى پێ دەدات، چونکە دەزانن هەمیشە بێلسا ئیزافەیەکى بۆ بیرۆکە و کارەکانى ئەوان هەیە.
بێلسا هێندە عاشق و هۆگرى تۆپى پێیە، کات بۆ ئەو کاتێک گرنگیى هەیە کە بە بیرکردنەوە و تەماشاکردنى تۆپى پێ بەسەرى ببات. وەک خۆى دەڵێت: ”بۆ تۆپى پێ بیر دەکەمەوە، بە زمانى تۆپى پێ قسە دەکەم، بۆ تۆپى پێ دەخوێنمەوە.”

ئەم ڕاهێنەرە بەوە ناسراوە کە پاشەکشە لە باوەڕ و فیکرى تەکتیکى خۆى ناکات و وەکو ئایین و باوەڕێکى تایبەت، لە مەبدەئەکانى خۆى دەڕوانێت، سەردەمانێک ڕاهێنەرى یانەى نیۆڵد ئۆڵدبۆیس بوو لە یەکێک لە یارییەکان تیپەکەى بە ئەنجامى( ٥ – ٠ )، تووشى شکست هات، کاتێک گەڕایەوە ماڵەوە، دەرگاى لەسەر خۆى داخست و دەستى بە گریان کرد، دواتر هاوسەرەکەى بۆ کەمکردنەوەى فشارى دەروونیى و نیگەرانیی هاوسەرەکەى لێى پرسى، ئەوە تۆ چى دەکەیت بۆ دەگریت؟ لە وەڵامدا بێلسا گوتى ”هەرگیز پاشەکشە لە فەلسەفەکەم ناکەم، دەستبەدارى بیرۆکەکانم نابم.” واتە بەرگەى شکست دەگرێت، بەرگەى بێنازناوى دەگرێت، بەڵام بەرگەى ئەوە ناگرێت لە بیرۆکەکانى پاشەکشە بکات، کە فلسەفەى هێرشبەرییە.

دواى کردنەدەرەوەى ئەرجەنتین لە مۆندیالى ٢٠٠٢ بۆ ماوەى سێ مانگ خۆى لە چاوى هەمووان ونکرد، هەموو کاتەکانى ئەو ماوەیەى لە باغچەکەیدا بەرێکرد، زۆربەى کاتەکانى بە تەماشاکردنى دیمەنى یارییەکانى ئەرجەنتین بەسەر دەبرد. چەندین جار تەماشاى یارییەکانى تانگۆى دەکردەوە و دەیویست هۆکارەکانى پشت شکستەکەى بزانێ، درک بە هەڵەکانى ڕابردووى بکات. چونکە مسڕبوو لەسەر ئەوەى شتێک بە وڵاتەکەى ببەخشێ، ئەوەبوو لە ئۆڵۆمپیادى ٢٠٠٤ مەدالیاى زێڕى بە ئەرجەنتین بەخشى.

بەلاى بێلساوە لە تۆپى پێ ڕاکردن هەموو شتێکە، بەدرێژایى ٩٠ خولەکى کاتى یارییەکە هەموو پێکەوە بەرگریى دەکەن و پێکەوەیش هێرش دەبەن بە ڕیتێمى خێرا. واتە خێرایى خاڵى جیاوازى تواناى تیپێکى سەرکەوتووە لەگەڵ تیپێکى بێبەرهەم. ئەم فیکرەیە، پێویستى بە خەرجکردنى وزەیەکى لەڕادەبەدەر هەیە، یاریزان دەبێ بەردەوام لە جوڵەدابێت، جوڵەیەک، کە مانایى هەبێت و بۆشایى یاریگە بەسەر تیپى دژبەر دابپۆشێت، هاوکات لە کاتى بەدەستهێنانى تۆپ، بە ئاسانى تۆپ ڕادەستى تیپى دژبەر ناکەیت، بەخێرایى هەڵبکوتێتە سەر تیپى بەرامبەر، بەجۆرێک نابێ بیناکردنى هێرشەکە خێرایى پێویست لەدەست بدات، تاوەکو سوود لە پەرتەوازەیى تیپى بەرامبەر وەربگریت، لەوەکاتەدا بە ئاستى ڕووبەرى پێویست بۆ جێبەجێکردنى هێرشەکە بەدەست دەهێنیت، بەڵام ئەمە ماناى ئەوە نییە کە تیپ هێرش دەست پێ کرد، ڕاستەوخۆ هێرشەکە کۆتایى پێ بهێنێت، بۆ نموونە کاتێک تۆ هێرش بۆ سەر گۆڵى تیپى دژبەر دەبەیت، تا دڵنیا نەبوویت بە سەرکەوتوویى پڕۆسەکە جێبەجێ دەکەیت، نابێ کۆتایى بە هێرشەکە بهێنێت، واتە ئەگەر هێرش بۆ سەر گۆڵى تیپى دژبەر دەستى پێکرد و تیپى بەرانبەر هەموو ڕووبەرى بەرتەسکى هێڵى بەرگرییان داپۆشى، پێویستە یاریزانەکان تۆپ لەلاى خۆیان بهێڵنەوە و سەرلەنوێ هێرشەکە دەست پێ بکەنەوە، تا ڕووبەرى پێویست بۆ جێبەجێکردنى هێرشەکە بەدەست دەهێنن.

لە هەر ڕاهێنەرێکى دیکە زیاتر بڕواى بە دروستکردنى پەستانى بەرز هەیە.

پەستانى بەرز چییە. شێوازێکە، ئامانج لێى راستەوخۆ بەدەستهێنانەوەى تۆپە دواى ئەوەى لەدەستى دەدەیت.

ئەم بیرۆکەیە چۆنە؟

کۆمەڵێک یاریزان ئابڵوقەى هەڵگرى تۆپ دەدەن، ئەمەیش کارێکى خێرا و ئاسانە بۆ بەدەستهێنانەوەى تۆپ، لەبەرئەوەى هەڵگرى تۆپ کاتى نییە بۆ ئەوەى بیر بکاتەوە، چ بڕیارێک بدات، نازانێ هاوڕێکانى لە کوێ و لە چ جێگەیەکى یاریگە جێگیر بوون. بەڵام گرفتێک کە ئاستەنگ بۆ جێبەجێکردنى ئەم بیرۆکەیە دروست دەکات ئەوەیە، یاریزانەکان پێویستییان بە سەرفکردنى وزەیەکى زۆر و خۆماندووکردنێکى زۆر هەیە. دەبێ یاریزانە هەموو زاوییەکان بەڕووى هەڵگرى تۆپ دابخەن و پێوستە بە تەرکیزى سەد دەرسەدەوە هەوڵى وەرگرتنەوەى تۆپ بدەن.
هەموو یاریزانێک حەوسەڵەى بەرگەگرتن و جێبەجێکردنى ئەم بیرۆکەیەى نییە، هەربۆیە مارسێلیا لە دوایین هەفتەکانى ژێر دەستى بێلسا لە خولى لیگ وەنى فەڕەنسى، تووشى داڕوخانێکى گەورەى جەستەیى بوون، ئەمە لە کاتێکدا لە هەر تیپێکى دیکە زیاتر نزیکبوون لە بەدەستهێنانى نازناوەکە، بەڵام شەکەتى یاریزانەکان وایکرد لە گەڕەکانى کۆتایى خولەکە لە ڕووى تواناى جەستەییەوە هەرەس بهێنن.

کاتێک تۆپ لەلاى تۆیە، هەوڵبدە بەخێرایى بەرەوپێشەوە بڕۆ، بەئاڕاستەى درێژیى یاریگە و بۆ ئەوەى لە گۆڵى تیپى دژبەر نزیک ببیتەوە، ئەگەر نەتتوانى ئەم کارە بە خێرایى و سەرکەوتوویى جێبەجێ بکەیت، کەمێک ئارام بگرە و تۆپ لەلاى خۆت بهێڵەوە و پارێزگاریى لێبکە. هەوڵبدە یاریگە گەورە بکەرەوە و ڕووبەرى پێویست بەدەست بهێنیتەوە بۆ جێبەجێکردنى کارەکەت.

گواردیۆلا جگە لەوەى بە داهێنان و تازەگەریى بێلسا سەرسامە، دەڵێ: ”جارێکیان پێکەوە تەماشاى یاریمان دەکرد، لەوەکاتەدا پێی گوتم، کاتێک تیپەکەت نەیتوانى گۆڵ تۆمار بکات، سەیرى پێشەوە مەکە، بەڵکو تەماشاى هێڵى بەرگریى تیپەکەت بکە، لەبەرئەوەى نەیانتوانیوە بەشێوەیەکى دروست بیناى هێرشەکان بکەن.” واتە بەلاى بێلساوە دروستکردنى سەرەتاى هێرش ئەرکى هێڵى بەرگرییە، چونکە بەرگریکار بیناى هێرشەکان بکات ناچار تەواوى تیپەکەت دەچێتە نیوەیاریگەى تیپى دژبەر و هەمیشە ئەگەرى مەترسى دروستکردنیان زیاترە. ئامانجى بێلسا لەم قسەیە ئەوەیە بۆئەوەى پاشەکشە بە تەواوى تیپێک بکەیت و ناچارى بکەیت جگە لە بەرگریکردن بیر لە هیچ نەکاتەوە، بەشداریکردنى سەرجەم یاریزانەکان لە جێبەجێکردنى فشار و هێرشەکە.

دیسان پرسیارە بەردەوامەکە ئەوەیە بۆچى نابێ بە ڕاهێنەرى یانەیەکى گەورە، یان بە پێچەوانەوە بۆچى یانە گەورەکان گرەو لەسەر گواستنەوەى ئەم ڕاهێنەرە ناکەن؟

بێلسا ڕاهێنەرى هەر تیپێک بێت، دەبێت یاریزانان و خودى یانەکە بچنەژێربارى داخوازییەکانى، ئەمەیش داواکارییەکە بە کەم یانە جێبەجێ دەکرێت و قەبووڵ دەکرێت، لە هەموو قورستر بێلسا ناتوانێ بە ڕێنمایى و یاسا و ڕێساکانى گرێبەستەوە پابەند بێت، ڕاهێنەرى لیلى فەڕەنسى بوو، بەبێ ڕووخسەتخواستن لە بەرپرسانى یانەکەى گەڕایەوە بۆ شیللى بەمەبەستى سەردانیکردنى هاوڕێ نزک و یاریدەدەرەکەى لە هەڵبژاردەى شیللى تووشى شێرپەنجەى ماعیدە بووبوو، لەبەر ئەم ڕەفتارە بەرپرسانى یانەى لیل لە پۆستەکەى دەرى دەکەن، چەندین موکەسەراتى لەم چەشنەى هەیە بەتایبەت لەگەڵ مارسیلیا و زیۆ. لە هەمووى پێویستتر بۆ بێلسا و سەختتر بۆ یانە گەورەکان، بێلسا وەک تاقیگەیەک لەو تیپە دەڕوانێت کە دەبێتە ڕاهێنەرى، هەنگاوى یەکەمى کارکردنى سەپاندنى بیرۆکەکانییەتى، بۆ ئەم کارەیش پێویستى بە یاریزانگەلێک هەیە کە بتوانن بەرگەى فشار و داواکارییە بەردەوامەکانى بگرن و فیکەرەکانى بە دروستى جێبەجێ بکەن. ڕاهێنەرى هەرتیپێک بێت، نە گرنگى بە ئەستێرە دەدات، نە بایەخ بە یاریزانى بەتەمەن دەدات، ئێ بەدەستهێنانى نازناویش لانیکەم پێویستیى بە ئەستێرەى ناودار و یاریزانى بەئەزموون هەیە.

بێلسا بیر لە بیرۆکە و تەکتیکى ڕاهێنەرى تیپى دژبەر ناکاتەوە، بۆى گرنگ نییە خاڵى لاواز و بەهێزى تیپى دژبەر چییە، هەمیشە ئیش بۆ جێبەجێکردنى بیرۆکەکانى دەکات، یاریزانى گەنج و نەناسراو، زۆر بە ئاسانى لەلایەن بێلساوە ڕام دەکرێن و زیاتر لە یاریزانە ناودار و بەتەمەنەکان گوێڕایەڵى دەبن، چونکە هەم لاوەکان لەپێناو داهاتوویەکى هیوابەخش هەموو شتێک دەکەن تا ببن بە ئەستێرە، یاریزانە نەناسراوەکانیش دەیانەوێ بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونى ئەم ڕاهێنەرە ئاستى خۆیان پێش بخەن، تا چانسى ئەوەیان هەبێ لە داهاتوودا ببنە جێگەى گرنگیپێدانى یانە گەورەکانى ئەورووپا، ئەمە لە بیلباو، مەرسیلیا ڕوویدا، بینیمان ژمارەیەکى زۆر لە یاریزانە گەنج و نەناسراوەکانى سەردەمى بێلسا، ئێستا بوون بە ئەستێرەى دیارى گۆڕەپانى تۆپى پێ. بێلسا نابێتە راهێنەرى یانەیەکى ناسراو، تا کاتى لەبەردەست نەبێ بۆ جێبەجێکردنى فەلسەفەکەى، چونکە ئەگەر ببێتە ڕاهێنەرى ڕیاڵ مەدرید، یان مانچێستەر یوناتد، یان یۆڤنتۆس، نە بەرپرسان و نە هاندەرانى یانەکە ناتوانن بەرگەى ئەنجامى خراپ بگرن، هەمیشەیش دەیانەوێ یانەکانیان لە لووتکەى ململانێ گەورەکان بێت بۆ بەدەستهێنانى نازناو، لە ئەگەرى ئەنجامى خراپ لە سەرەتاى دەستبەکاربوونییەوە ڕەنگە لە ململانێى بەدەستهێنانى نازناوەکە دایببڕێت و ئەوکات بەلەبەرچاوگرتنى ئەنجامە خراپەکانى لەکارلادانى دەبێت بە ئەگەرێکى بەهێز، ئەوکاتیش زیان بە شکۆ و کەسایەتى بێلسا دەگات و وەک ڕاهێنەرێکى شکستخواردوو نێوزەند دەکرێت، بۆیە پۆستى ڕاهێنەرى یانەیەک لە ئەستۆ ناگرێت کە داواى ئەنجامى گەورەى لێ بکەن و پەلەى ئەنجامى گەورەى لێ بکەن. نابێ بە ڕاهێنەرى یاریزانى گەورە تا بێئەمرى بکەن و دژایەتى باوەڕەکانى بێلسا بکەن، بۆ یاریزانەکانى لیل و مارسیلیا ئاسانە بە قسەى بێلسا بکەن، بیرۆکەکانى لە یاریگە جێبەجێ بکەن و لە داواکانى بێلسا لانەدەن، بەڵام بۆ ئەم ڕاهێنەرە سەختە بە ڕۆناڵدۆ، یان نێیمار بڵێت دەبێ هاوشێوەى یاریزانەکانى دیکە دەبێ چیم پێگوتى ئەوە جێبەجێ بکەیت. بە کورتى یانەکانى دەرەوەى کێبڕکێى بەدەستهێنانى نازناو، ڕێگەخۆشکەرە بۆ بێلسا بە ئاسانى و بەسەرکەوتوویى و بەبێ بوونى فشارى جۆربەجۆر بیرۆکەکانى جێبەجێ بکات و ببێتە جێى سەرسامى و بایەخى زۆربەى ڕاهێنەرە گەورەکانى تۆپى پێ.

نوسينى: ئەحمەد سەنگاوى

نيشاندانى زياتر

كۆمێنتت چيە..؟

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.