سۆران لە دوا ساتەکان گرنکترین سێ خاڵی بەدەستھێنا..

ئا: رێبين رەمزى

لە چوارچێوەی یارییەکانی ھەفتەی پێنجەم و کۆتایی قۆناخی یەکەمی خولی پلە یەکەکانی کوردستان بۆ تۆپی پێی.
یانەی کۆیە لە نێو یاریگەی خۆیدا مێوانداری یانەی سۆرانی کرد.

بەھۆی بارینی بارانێکی زۆر و نەشیاوی یاریگەی کۆیە، دەستەی ناوبژیوانان و سەرپەرشتیاری یاری بریاریان دا یارییەکە بۆ یاریگەی دەستکرد بگوازرێتەوە بەم هۆیەوە یارییەکە ماوەی دە خولەک دواکەوت.
سەرەتای یارییەکە ھەردوو یانە ئاستیان مام ناوەند بوو و ھەوڵیان دەدا کۆنترۆلی ھێڵی ناوەراست بکەن، یانەی کۆیە پشت ئەستوەر بەجەماوەرەکەی ھەوڵی دەدا گۆڵێکی خێرا تۆمار بکات بۆ ئەوەی بڵانسی یارییەکە لە بەرژەوەندی ئەو دابێت، لە بەرانبەردا یانەی سۆران ھەر لە سەرەتاوە ھەوڵی دەدا ریتمی یارییەکە خاوبکاتەوە.
لە خولەکی (٢٥)ی یارییەکە یاریزانی کۆیە (وڵات عومەر) لێدانێکی بەھێزی ئاراستەی گۆڵ کرد، بەڵام تۆپەکە کەوتە دەرەوەی یاریگا.
لە خولەکی ٣٥ یاریزانی یانەی سۆران (گۆڤان ئەسعەد )هەلێکی ئاسانی گۆڵکردنی لە دەستدا کاتێک بەرانبەر گۆڵ مایەوە، بەڵام تۆپەکەی لە ستوون دا.
گێمی یەکەمی یارییەکە بەیەکسانبوونی ھەردوو یانە بەبێ گۆڵ تەواو بوو.

لە گێمی دووەم ھەر لە سەرەتاوە یانەی کۆیە فشاری خستە سەر یانەی سۆران، بەڵام بەبێ دروستکردنی ھیچ مەترسییەک لەسەرگۆڵیان و پشتیان بەلێدان لە دەرەوەی ناوچەی سزا دەبەست، لە خولەکەکانی ٦٠ و ٦٥ یاریزانانی کۆیە ( گۆران قادر، حەکیم شەمسەدین) دوو لێدانی بەھێزیان لە دەرەوەی ناوچەی سزا ئاراستەی گۆڵکرد، بەڵام تۆپەکە کەوتە دەرەوە.
لە بەرانبەردا داینمۆی ھێڵی ناوەراستی سۆران (ئیدریس حوسێن) لێدانێکی بەھێزی ئاراستەی گۆڵکرد، بەڵام ھیچ مەترسییەکی لەسەر گۆڵپارێزی کۆیە دروست نەکرد.
لە خولەکی ٦٨ یاریزانی کۆیە (ئەلیاس نورەدین) دوو ھەلی ئاسانی گۆڵکردنی لە دەستدا، کاتێک بەرانبەر گۆڵمایەوە، بەڵام ئاست بەرزی گۆڵپارێزی سۆران گەیلان سادق بووە ھۆکاری تۆمارنەکردنی گۆڵ، یانەی کۆیە بەردەوام لەفیرۆدانی ھەلی ئاسان کاتێک (یونس نوری) کاپتنی تیپەکە لەبەردەم گۆڵێکی بەتاڵ نەیتوانی گۆڵ تۆماربکات، بەمەبەستی کەمکردنەوەی فشاری یانەی کۆیە، راھێنەری سۆران چوار گۆرانکاری لە ھێڵی ناوەراست و ھێرشبەر ئەنجامدا و گۆرانکارییەکانی بەرھەمدار بوون، کاتێک لە خولەکی (٨٩) یاریزانی سۆران (گۆڤان نەزمی) لەگەڵ ھاتنی بۆ نێو یاریگا توانی گۆڵێکی جوان تۆمار بکات و سێ خاڵی یاری بکاتە دیاری بۆ جەماوەرەکەی.
دواتر عەلی ئەکبەر فێکەی تەواوبوونی یارییەکەی لێدا بەسەرکەوتنی یانەی سۆران بەگۆلێکی بێ بەرانبەر.
بەم ئەنجامە یانەی سۆران کۆی خاڵەکانی بۆ ھەشت خاڵ بەرزکردووە ھاتە ریزبەندی دووەمی کۆمەڵەی یەکەم و یانەی کۆیە خاڵەکانی ھەر (٦) خاڵ مایەوە و گەرایەوە ریزبەندی (٣)یەمی کۆمەڵەکەی.

نيشاندانى زياتر

كۆمێنتت چيە..؟

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.