ئەلێگرى دواى يەكسان بون لەگەڵ سپال: نێگەران و بێ ئومێد نيم ..

شەوى رابردوو لە ميانى ياريەكانى هەفتەى ٢٩ى خولى پلە يەكى ئيتاليا يانەى يوڤانتۆسى پێشەنگى خولەكە لە نێو ياريگاى (پاولۆ مازا) بوە ميوانى يانەى سپالى خاوەن پلەى ١٧ى ريزبەندى خولەكە و ياريەكەش بەبێ گۆڵ كۆتايى هات.

دواى ياريەكە و لە دەستدانى دوو خاڵ, ماسيمليانۆ ئەلێگرى راهێنەرى خانمە پيرەكە نەيشاردەوە كە نيگەران نيە و ئومێديان لە دەست نەداوە چونكە هێشتاش لە پێشەنگى كالچيۆن.

ئەلێگرى وتى: “هەست بە بێ ئومێدى ناكەم و تورە نيم لە ئەنجامى ياريەكە, يانەى سپال تا دوا خولەك جەنگا, ئێمە لە چەندين يارى و سەركەوتنى گرنگ گەراوينەتەوە و ماندووين, خاڵى بەهێزيمان ئەوەيە لەم ياريەدا هيچ گۆڵێكمان لێنەكراوە و تا ئێستاش بە پێنج خاڵەوە لە پێش يانەى ناپۆلين”.

بەردەوام بوو وتى: “پێويستە لەم ياريە دەرس وەرگرين, وە ئەوەش بزانين كە ياريەكانى داهاتوومان بەرامبەر كروتۆنى و بێنڤێنتۆ و قورسە, چونكە ئەوانيش دەجەنگن لە پێناو مانەوە لە خولەكە, هەر بۆيە پێويستە لەگەڵيان بە شێوازێكى جياواز بجوڵێينەوە”.

وتيشى: “يانەى سپال بە شێوەيەكى شەرانى ياريان كرد و چەندين هەڵەيان لەسەر گيرا تەنها لە پێناو راگرتنى ياريزانەكانمان, هەربۆيە پێويستى دەكرد زۆرجار تۆپ لاى خۆمان بهێلينەوە و رێگە نەدەين ركابەرەكەمان پشو وەربگرێت”.

سەبارەت بە داگرتنى كيلينى, ئەلێگرى وتى: “كيلينى هەستى بە ماندوو بوون دەكرد لە ماسوولكەكانى, بەڵام لەو بروايەدا نيم پێكانەكەى گەورە بێت, هيچ رێگايەكمان لە بەردەست نەبوو جگە لە داگرتنى”.

بريار وايە ئەمرۆ كاتژمێر ١٠:٤٥ى شەو يانەى ناپۆلى دووەمى خولى ئيتالى ميواندارى لە يانەى جەنەوا بكات, لە حاڵەتى بردنەوەى ئەوا جياوازى خاڵەكانى لەگەڵ يوڤانتۆس دەگەيەنێتە ٢ خاڵ و بەمەش ركابەرى لەسەر نازاناوەكە پێ دەنێتە قۆناغێكى سەختەوە.

نيشاندانى زياتر

كۆمێنتت چيە..؟