Home / راپۆرت / يانەى نەورۆز بۆ وەرزی نوێی خولى نایابی پێشمەرگەى كوردستان خۆی ئامادەكردووە..

يانەى نەورۆز بۆ وەرزی نوێی خولى نایابی پێشمەرگەى كوردستان خۆی ئامادەكردووە..

یانەی نەورۆز یەكێكە لەو یانانەی كە پێش دەستپێكردنی وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی كوردستان، بە چەند مانگێك دەستی بە مەشق و ئامادەكاری كردووە، كە تیایدا یانەكە بە گڕوو تینێكی زۆرەوە چاوی لە بەدەستهێنانی ئەنجامێكی باشە، ئەمساڵ یانەی نەورۆز بە سەرپەرشتی ڕاهێنەر (یاسین مەناف) بە پلان و تەكنیك و شێوازێكی نوێ بەشداری ڕكەبەرییەكانی خولەكە دەكات، كە ناو براو خاوەنی بڕوانامەیە لە بواری ڕاهێناندا، بە گوتەی یاریزانانی یانەكەیش لە ماوەی ئامادەكارییەكان، جێگە پەنجەی ئەو ڕاهێنەرە بە سەر ئاستی یاریزانانەوە دیارە.

 چ ئامانجێكیان هەیە لە خولەكە 

سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی نەورۆز (جێگر عەبدوڵڵا) باسی ماوەی ئامادەكاری و بارو دۆخی گشتی تیپەكەی بۆ وەرزی ئەمساڵی خولەكە كرد، ئەو ووتی لە سەرەتایی مانگی هەشتی ئەمساڵەوە دەستمان كرد بە ئامادەكاری، سەرەتا بۆ ماوەی 10 ڕۆژ هەڵسەنگاندنمان بۆ یاریزانانی تیپە میللیەكانی شاری سلێمانی ئەنجامدا، دوای هەڵبژاردنی چەند یاریزانێك و هێنانی 6 یاریزان لە یانەكانی تر، دەستمان كرد بە مەشق و ئامادەكارییەكان، هەروەها هەوڵماندا بەو هەڵەكاندا بچینەوە كە لە وەرزی ڕابردوودا، كە ئەنجاماندا، لە ئێستاشدا بە پێكهاتەیەكی بەهێزەوە بۆ خولەكە ئامادەین.

دەربارەی ئامانجی یانەكەو پێكهاتەی نەورۆز، ئەو سەرپەرشتیارە دەڵێت هەموو بەرپرسانی یانەكە و ستافی ڕاهێنەرانیش بۆ یەك ئامانج هەوڵدەدەین، ئەویش بەدەستهێنانی ئەنجامێكی باشە، نامەنەوێت وەكو وەرزی ڕابردوو بە دەستبەتاڵی لە خولەكە بچینە دەرەوە، باسی لەوەش كرد ڕاهێنەری یانەكە توانیویەتی پێكهاتەیەكی باش دروست بكات، هەروەها هێنانی چەند یاریزانێكی بە ئەزموون و گۆڵپارێزێكی پیشەگەری سووریایی، پاڵپشتیەكی زیاتر دەبن بۆ یانەكە.

لە سەر لایەنی دارایی یانەكەش هێمای بۆ ئەوە كرد، ئەوانیش هاوشێوەی یانەكانی دیكە گرفتی داراییان هەیە، بەڵام تا ڕادەیەكی باش توانیوویانە ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن، جەختی لەوەیش كردەوە  ئەوان تاكە یانەن كە هەموو مووچەو گرێبەستی یاریزانانیان داوە و مافی هیچ یاریزانێكیان نەخواردووە.

بۆچوونیان لەسەر كۆمەڵەكەیان چییە؟ 

تازەڕاهێنەری یانەی نەورۆز (یاسین مەناف) دەربارەی پێكهاتە و پلانی یانەكەی دەڵێت: دوای ڕاكێشانی تیروپشكی خولەكە دەستمان بە دروست كردنی تیپێكی تازە كرد و گرێبەستی زۆربەی یاریزانانی وەرزی ڕابردومان نوێ كردەوە، كە ئەوە یەكێك بوو لە مەرجەكانی من بۆ ئەوەی ڕاهێنەرایەتی یانەكە وەربگرم، بە مەشقی ڕۆژانە و كردنەوەی كەمپێكی مەشقی و چەند یارییەكی دۆستانە توانیمان بگەینە پێكهاتەیەكی گونجاو، هەرچەندە چەند كەم و كورییەكمان لە ڕوی لایەنی جەستەیی یاریزانانەوە هەبوو، كە ماوەیەكی زۆر لە یاری كردن دابڕا بوون، بەڵام تا دەست پێكردنی خولەكە ئەو كێشانەیش چارەسەر دەكەین.

دەربارەی شێواز و پلانی یاری كردنی وەك ڕاهێنەرێك، كە بڕوانامەی هەیە لە بواری ڕاهێناندا (یاسین) دەڵێت توانیومە بە ماوەیەكی كەم ئەوەی كە لە پلانم دا هەبوو، گۆڕانكارییەكی زۆرم لە شێوازی یاری كردنی یانەكە بكەم، بە تایبەتی لە هێڵی هێرشبەردا كە یانەی نەورۆز زۆر جار ئەو كێشەیەیەی هەبووە، زیاتر لە باڵەكانەوە گۆڵ تۆمار كراوە، من لە ڕاهێنانەكاندا كارم لە سەر ئەو لایەنە كردووە، بە جۆرێك یاریزانان بتوانن هەلی گۆڵ كردن زیاتر بقۆزنەوە

. لە كۆتایشدا لە سەر هەڵوێستی كۆمەڵەی یانەكەی بۆچوونی جیاوازی هەبوو، ووتی هەموو كەس دەڵێت كۆمەڵەی یەكەم بەهێزە، بەڵام من پێم وایە بەهێزی یانەكانی ئەو كۆمەڵەیە وادەكات كە هەموو یارییەكان بەهێز بن و تام و چێژی زیاتر بە خولەكە دەبەخشن. گەشبینە بەو پێكهاتەیە یاریزانی هێڵی ناوەڕاست و كاپتنی یانەكە (پرسیار عەبدولڕەزاق) كە ماوەی 3 ساڵە لە یانەی نەورۆز یاری دەكات لە سەر ئامادەكارییەكانی یانەكەی گوتی گۆڕانكاری زۆر لە پێكهاتەی یانەكە ڕوویداوە، چەند یاریزانێكی باش و بە ئەزموون هاتونەتە ڕیزی یانەكە، ماوەی زیاتر لە 2 مانگیشە ئامادەكاری دەكەین و كەمپێكی مەشقیشمان لە شارۆچكەی دۆكان كردەوە، هەموو یاریزانانیش بە هیوای ئەوەیەن كە لە چاو وەرزی ڕابردوو بە ئاستێكی باشتر دەربكەوین. ئەوەیشی وت كە ئەو ئاسودەیە كە لە كۆمەڵەیەكی بەهێز یاری دەكەن، چونكە پێی وایە كە یانەكان لە یەك ئاستدان و ئاستی ڕاستەقینەی یانەكان دەر دەكەوێت و هاندەرانیش تام چێژی زیاتر لەو یارییانە دەبینن گەشبینی خۆیشی نەشاردەوە بەوەی كە بەو پێكهاتەیە بتوانن سەربكەون بۆ یارییەكانی قۆناغی دووەم و ئەنجامێكی باش بەدەست بهێنن.

چۆن باسی ڕاهێنەر دەكرێت

یەكێك لەو یاریزانانەی یانەی نەورۆز لە وەرزی ئەمساڵدا وەكو هێرشبەر پشتی پێ دەبەستێت یاریزان (بەهائەدین بەكر)ـە، كە ماوەی 4 وەرزە لەو یانەیە یاری دەكات، ئەو دەڵێت تیپێكی بەهێز و تۆكمەمان هەیە، ڕاهێنەری یانەكەیش توانیویەتی هەموو مەشقەكان بەشێوەیەكی زانستی بە یاریزانان بدات و سوودێكی زۆرمان بینیوە، بە تایبەت لە یارییە دۆستانەكان كاریگەریی پلانەكانی ڕاهێنەر بە سەر ئاستی یاریزانانەوە دیارە.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئەو هێرشبەرە باسی ئەوەی كرد، كە گرێبەستی لە یانەكانی تریش پێگەیشت بوو، بەڵام ئەو زۆر لە یانەی نەورۆز ئاسودەیە، ئەمەیش وایكردوە كە گرێبەستەكەی نوێ بكاتەوە، هۆكاری ئەوەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە یانەی نەورۆز نمونەی یانەكانە، بە تەواوی مافی یاریزانان دەدات و ئەو بەڵێنانە جێ بەجێ دەكەن كە بە یاریزانانی دەدەن. یانەی نەورۆز لە كۆمەڵە یەكەم لە گەڵ یانەكانی (هەولێر، دهۆك، زێرەڤانی، برایەتی، پێشمەرگەی هەولێر، گازی باكور) یاری دەكات، یەكەم یاریشی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ڕووبەڕوی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەبێتەوە.

ئا:  هێمن ئەسكەندەر

كۆمێنت لەسەر ئەم بابەتە بنوسە

ئيمەيڵەكەت پارێزراو دەبێت و دەرناكەوێت. *

*