Home / ووتار / هه‌شت هه‌زار سه‌یدسادقی!

هه‌شت هه‌زار سه‌یدسادقی!

ئەرسەلان عەبدوڵڵا

 

یارییه‌كه‌ی چوارشه‌ممه‌ی نێوان سه‌یدسادق و كفری له‌ خولی پله‌ (دوو)ی كوردستاندا رووداوێكی گه‌وره‌بوو له‌  مێژووی تۆپی پێی كوردستاندا، پێویسته‌ له‌ تۆماری چالاكییه‌ وه‌رزشییه‌كانی تۆپی پێی كوردستاندا به‌ گه‌وره‌یی بنووسرێته‌وه‌.ئاماده‌بوونی نزیكه‌ی 8 هه‌زار كه‌س له‌ یارییه‌كی پله‌ دوودا، نه‌وه‌كو پله‌ نایاب و پله‌ یه‌ك، په‌یامێكی زۆر گه‌وره‌یه‌ بۆ به‌رپرسانی سیاسی و وه‌رزشیی ئه‌م وڵاته‌، كه‌ ئیدی پێویسته‌ بیر له‌ چینی لاوان و وه‌رزشوانان بكه‌نه‌وه‌ و بایه‌خیان پێبده‌ن.هه‌شت هه‌زار كه‌س، كه‌ “دڵنیام زۆرینه‌یان له‌ سه‌یدسادقه‌وه‌ هاتبوونه‌ سلێمانی و یاریگه‌ی زانكۆ”، ژماره‌یه‌كی كه‌م نییه‌ له‌ ئاماده‌بوونی هاندانی وه‌رزشی له‌ باشووری كوردستاندا، ئاخر له‌ خولی نایابی عێراق و نایابی كوردستانیشدا له‌ كاتی ئێستادا ئه‌م ژماره‌یه‌ی هانده‌ر له‌ یاریگه‌دا ئاماده‌نابن.
ئه‌م وه‌رزه‌ و كۆتاییه‌كانی وه‌رزی رابردووش له‌ چالاكییه‌كانی تۆپی پێی كوردستاندا، به‌ تایبه‌تی له‌ خوله‌كانی پله‌ یه‌ك و دوودا، ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌ر و هانده‌رانی وه‌رزشی، به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌رنجڕاكێش زیادیكردووه‌، ئاشكرایه‌ زۆربه‌ی یانه‌ پله‌ یه‌ك و دووه‌كانیش (نه‌وه‌كو نایابه‌كان) له‌ شارۆچكه‌كانن و كه‌متر له‌ شاره‌كانن.

ئه‌مه‌ی هاتووه‌ته‌ پێشه‌وه‌، له‌ بارودوخێكدایه‌، كه‌ زۆربه‌ی یانه‌ پله‌ یه‌ك و دووه‌كان یاریگه‌ی باشیان نییه‌، یان هه‌یانه‌ و به‌بێ په‌یژه‌كانی دانیشتنه‌، یانه‌ش هه‌یه‌ یاریگه‌ی هه‌ر نییه‌، كه‌چی ئه‌و هه‌موو جه‌ماوه‌ر و هانده‌ره‌ی لێ كۆده‌بێته‌وه‌.

ده‌ی كه‌واته‌ بیر بكه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و یانانه‌ یاریگه‌ی باش و گه‌وره‌یان هه‌بێت، یان دامه‌زراوه‌ی وه‌رزشی و بنكه‌ی وه‌رزشیی پێشكه‌وتوو له‌و شارۆچكانه‌دا هه‌بێت، تۆ بڵێی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ چی پێشكه‌وتن و داهێنانێك له‌ وه‌رزشدا بكه‌ن، تۆ بڵێی چه‌ند به‌هره‌مه‌ند و یاریزانی ئاستبه‌رز له‌و شوێنانه‌دا ده‌ربكه‌ون.

به‌داخه‌وه‌ پێموایه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌رپرسانی وه‌رزشی و دامه‌زراوه‌ وه‌رزشییه‌كانی كوردستان، هیچ كات بیریان له‌ گه‌نج و لاو و وه‌رزشوانانی شارۆچكه‌كان نه‌كردووه‌ته‌وه‌ و بایه‌خیان پێنه‌داون، ئه‌گه‌ر بایه‌خیشیان پێدابن، به‌ پێی پێویست و به‌ پێی پلان و به‌رنامه‌یه‌كی باش نه‌بووه‌.
راسته‌ هۆڵ و یاریگه‌ و ناوه‌ندی وه‌رزشی له‌ هه‌ندێك له‌ شارۆچكه‌كاندا دروستكراون، به‌ تایبه‌تی پێش هاتنی قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕی نه‌گریسی داعش، به‌ڵام ئه‌ویش به‌ باشی به‌كارنه‌هات و وه‌رزشوانان و لاوان به‌ شێوه‌یه‌كی باش سوودیان لێوه‌رنه‌گرت، نموونه‌ش یاریگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، كه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئێستا هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌ته‌ پارێزگاش.

پێموایه‌ كاتی ئه‌وه‌یه‌ دیمه‌نی ئاماده‌بوونی هه‌زاران هانده‌ری وه‌رزشی له‌ یاریگه‌ی شارۆچكه‌كاندا، حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌ وه‌رزشییه‌كان له‌ خه‌و هه‌ڵبسێنێت و وایان لێ بكات كاری رژدی له‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه‌ ده‌توانن ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بقۆزنه‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ گه‌نجان و لاوانی هه‌ندێك ناوچه‌ی باشووری كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدا ئاشتبكه‌نه‌وه‌ و له‌ بری شه‌ڕه‌به‌رد و باره‌گا سووتاندن و دروستكردنی ئاژاوه‌ و به‌لارێدابردنی شێوازی داواكاری و مافه‌كانیان، له‌ یاریگه‌كاندا كاتێكی خۆش به‌سه‌ر ببه‌ن و له‌ یاریگه‌ و هۆڵی مۆدێرن و له‌ زه‌مینه‌یه‌كی گونجاودا وه‌رزش بكه‌ن.

كۆمێنت لەسەر ئەم بابەتە بنوسە

ئيمەيڵەكەت پارێزراو دەبێت و دەرناكەوێت. *

*